کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار، یەزدانی سوپاسالار، بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت پاڵپشتی و پشتگیری، هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،

٢پاڵەوان و جەنگاوەر، دادوەر و پێغەمبەر، فاڵگرەوە و پیر،

٣سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان، ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.

٤مێردمنداڵان دەکەم بە میریان، منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.

٥گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن، هەرکەسە و لە هاوڕێکەی. مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە، چروکیش لە سەنگین.

٦پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت لە ماڵی باوکی و دەڵێت: «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»

٧بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە: «نابم بە چارەساز، نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە. مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»

٨ئۆرشەلیم شکست دەخوات و یەهوداش دەکەوێت، چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە، بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.

٩دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات، وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن، نایشارنەوە. قوڕبەسەریان، چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!

١٠بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.

١١قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت، چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.

١٢منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن. گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن.

١٣یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت، هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.

١٤یەزدان دەست بە دادوەری دەکات، لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان: «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا، تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە.

١٥ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و ڕووی هەژاران دەهاڕن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

١٦یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.

١٧لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتییان دەردەخات.»

١٨لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،

١٩گوارە و بازن و پەچە،

٢٠سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،

٢١ئەنگوستیلە و خەزێم،

٢٢جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و

٢٣ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.

٢٤جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و لە جێی کەمەربەند، گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.

٢٥پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.

٢٦جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.