١لەو ڕۆژەدا دەڵێیت: «ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم، هەرچەندە لێم تووڕە بوویت، بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
٢ئەوەتا خودای ڕزگاریی من، دڵنیا دەبم و ناترسم، چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
٣بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە لە کانییەکانی ڕزگاری.
٤لەو ڕۆژەدا دەڵێن: «ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن، وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت، باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
٥گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە، با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
٦ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە! چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»