کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ١١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت، لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.

٢ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی،

٣بە لەخواترسی شادمان دەبێت. بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،

٤بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات. بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات، بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.

٥ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

٦گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.

٧مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن، بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە، شێر وەکو گا کا دەخوات.

٨کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات، لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.

٩خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم، چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

١٠لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.

١١لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.

١٢ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە لە هەر چوار لای زەوییەوە.

١٣بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە، ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.

١٤پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن. ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن، عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.

١٥یەزدان کەنداوی دەریای میسر تێکوپێک دەدات، بە بایە سووتێنەرەکەی دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا، لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.

١٦دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.