١قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و ئەوانەی فەرمانی ستەمکارانە دەردەکەن،
٢بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن، بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و هەتیوانیش تاڵان بکەن.
٣لە ڕۆژی سزا چی دەکەن، کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟ بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
٤بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و کەوتن لەژێر کوژراوەکان. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
٥«قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم، هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
٦بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم، فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت، تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات، هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
٧بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە، ئەو ئەمەی لە دڵدا نییە، چونکە ئامانجی ئەو وێرانکردنە، لەناوبردنی گەلانێکی زۆرە.
٨دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
٩ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟ یان حەمات وەک ئەرپاد؟ یان سامیرە وەک دیمەشق؟
١٠وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە،
١١ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد، وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
١٢دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم،
١٣چونکە دەڵێت: «”بە توانای دەستی خۆم کردم و بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم، سنووری گەلانم گواستەوە و گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد، وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
١٤دەستم گەیشتە سامانی گەلان، وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛ وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو، هەموو زەویم کۆکردەوە، کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
١٥تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە، یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟ وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
١٦لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان، لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت وەک داگیرسانی ئاگر.
١٧ڕووناکی ئیسرائیل دەبێت بە ئاگر و پیرۆزەکەشی بە گڕ، دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی لە یەک ڕۆژدا.
١٨چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات، گیان و لەش پێکەوە وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
١٩پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
٢٠لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب، چیتر پشت نابەستن بەوانەی لێیان دەدەن، بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
٢١پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب بۆ لای خودای توانادار.
٢٢ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە. بڕیاری قڕبوون دراوە، لافاوی ڕاستودروستییە.
٢٣یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
٢٤بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی، لە ئاشور مەترسە کە بە داردەست لێت دەدات و گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
٢٥بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
٢٦یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
٢٧جا لەو ڕۆژەدا، باری لەسەر شانت لادەچێت و نیری لەسەر ملت، لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
٢٨گەیشتە عەییات، لە میگرۆن پەڕییەوە، لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
٢٩ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن: «گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.» ڕامە داچڵەکی، گیڤعای شاول هەڵات.
٣٠ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆتان بحیلێنن! ئەی لەیشا، گوێ بگرە! داماوە عەناتۆت.
٣١مەدمێنا ڕایکردووە، خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
٣٢ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن، بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن لە کێوەکەی شاری سییۆن، لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
٣٣ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە. باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە، لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
٣٤چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە، لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.