١بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون.
٢ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.
٣ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی، لەبەردەمت دڵخۆش بوو وەک خۆشی کاتی دروێنە، وەک ئەوانەی شاد دەبن بە دابەشکردنی دەستکەوت.
٤لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و داری پشتی ئەو و کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
٥هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و بەرگی لەناو خوێن گەوزاو بۆ سووتان دەبێت، سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
٦چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بەتوانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
٧گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
٨پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
٩گەل هەموو دەزانن، ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە، بە لووتبەرزی و فیزی دڵەوە دەڵێن:
١٠«خشت ڕووخا، بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە؛ هەنجیرە کێوی بڕایەوە، بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
١١یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت، ناحەزانی جۆش دەدات.
١٢ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
١٣گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی، ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
١٤یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت، دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
١٥پیر و پیاوماقوڵ سەرەکەن، ئەو پێغەمبەرانەی کە فێرکردنی درۆیین فێر دەکەن کلکەکەن.
١٦ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار، ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
١٧لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان، بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان، چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن، هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
١٨بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت، دڕکوداڵ دەخوات، گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات، ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
١٩بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار خاکەکە دەسووتێت، گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر، پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
٢٠لای ڕاست لێ دەکاتەوە و هەر برسییە، لای چەپ دەخوات و تێر نابێت. پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
٢١مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە، هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.