کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە، لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە، نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.

٢گەلان دەیانگرن و دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان، دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.

٣ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە،

٤ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت: زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات! خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!

٥یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند، داردەستی فەرمانڕەواکان،

٦ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا، لێدانێکی بێ بڕانەوە، بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد، بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.

٧هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.

٨هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن: «لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»

٩جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت بۆ پێشوازی لە هاتنت، ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت، هەموو سەرکردەکانی جیهان، لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت، هەموو پاشایانی نەتەوەکان.

١٠هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن: «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت، وەک ئێمەت لێ هات.»

١١مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان بەدەم ئاوازی سازەکانت، لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و کرمیش دەبێتە لێفەت.

١٢چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!

١٣تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن.

١٤سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»

١٥بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.

١٦ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن، لێت ورد دەبنەوە: «ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند، شانشینەکانی هەژاند،

١٧ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی، شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد، ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»

١٨هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان، هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.

١٩بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە. دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان کە بە شمشێر لێیان دراوە، شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن. وەک لاشەی پێشێلکراو،

٢٠لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت، چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد، گەلەکەی خۆتت کوشت. با توخمی خراپەکاران هەتاهەتایە ناویان نەیەت.

٢١سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن لەسەر تاوانی باوکانیان، با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.

٢٢«هەڵدەستمە سەریان،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. «لە بابل ناو و پاشماوە و نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٢٣«دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و گۆمی ئاو، بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.

٢٤یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی: «بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.

٢٥ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم، لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم، جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»

٢٦ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.

٢٧یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟ دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟

٢٨لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:

٢٩ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن، کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا، چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.

٣٠هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە، ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و پاشماوەکەشت دەکوژرێت.

٣١ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە! ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە! چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.

٣٢چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟ «یەزدان سییۆنی دامەزراند و لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.