کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سروشێک سەبارەت بە مۆئاب: عار لە مۆئاب وێران بوو، لە یەک شەودا کاول بوو! قییر لە مۆئاب وێران بوو، لە یەک شەودا کاول بوو!

٢دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی سەرکەوت، بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان، مۆئاب بەسەر نیبۆ و مادەبادا شیوەن دەکات. هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و هەموو ڕیشێک تاشراون.

٣لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش دەپۆشن، لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی هەموو شیوەن دەکەن بەخوڕ دەگریێن.

٤حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە، دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت. لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن گیانیان دەلەرزێت.

٥دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت، هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن، هەتا عەگلەت شەلیشیا. بە گریانەوە لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون، لە ڕێگای حۆرۆنایم هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.

٦ئاوەکانی نیمریم وشک بوون، گیایەکەش سیس بوو، لەوەڕگا نەما و سەوزایی نەما.

٧لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.

٨هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە، واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم، واوەیلای لە بیری ئێلیمە.

٩ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن، بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم، شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.