١بەرخ وەک سەرانە بنێرن بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە، لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
٢وەک باڵندەی هەڵاتوون وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت، کچانی مۆئاب لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
٣«ڕاوێژ بکە، دادوەری ئەنجام بدە، لە قرچەی نیوەڕۆدا سێبەرت وەک شەوی لێ بکە. دەرکراوەکان بشارەوە، هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
٤با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە، لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.» کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت، کاولبوون نامێنێت، پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
٥بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت، یەکێک لە بنەماڵەی داود دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری، دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی، بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
٦لووتبەرزی مۆئابمان بیست، لووتبەرزییەکی زۆر، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی، بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
٧لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن، سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن. ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان، بۆ نانی کشمیشی قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
٨کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون، هەروەها ڕەزەکەی سیڤما. گەورەکانی نەتەوەکان شا مێوەکانییان شکاند، کە گەیشتبووە یەعزێر و پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی. لقەکانی درێژ ببوونەوە و لە دەریا پەڕیبوونەوە.
٩لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم بۆ ڕەزەکەی سیڤما، بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ! لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت هەراوزەنای جەنگ هات.
١٠خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە، لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت، شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت، هوتاف کپ بوو.
١١لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت، ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
١٢جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت، ماندوو دەبێت. کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات، قبوڵ نابێت.
١٣ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو.
١٤ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»