١سروشێک سەبارەت بە سور: واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش! چونکە سور کاول کراوە، نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە، لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
٢بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و بازرگانانی سەیدا، ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
٣دانەوێڵەی شیحۆر لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات، داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە، جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
٤شەرمەزار بە ئەی سەیدا، ئەی قەڵای دەریا! چونکە دەریا گوتی: «نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو، نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
٥کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات، بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
٦بپەڕنەوە بۆ تەرشیش، واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
٧ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان، ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە، ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن بۆ ئاوارە بوون؟
٨کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت، ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون، فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
٩یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک، بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
١٠ئەی دانیشتووانی تەرشیش، زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن، ئیتر بەندەر نەما.
١١یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و شانشینەکان تۆقین. لە دژی فینیکیا فەرمانی دا بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
١٢فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت، ئەی سەیدای کچە پاکیزە، ئێستا پێشێل کراویت! «هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە، لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
١٣ئەوەتا خاکی بابلییەکان، گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت! ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان. قوللەکانیان دروستکرد، قەڵاکانیان ڕووخاند، کردیان بە کاولگە.
١٤ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن، چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
١٥لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
١٦«دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو! باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
١٧جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات.
١٨بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.