کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٢٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەتا یەزدان لە داهاتوودا زەوی چۆڵ دەکات، بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت، دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.

٢کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت، گەورە وەک کۆیلەکەی، خانم وەک کەنیزەکەی، کڕیار وەک فرۆشیار، بەخشەر وەک وەرگر، قەرزدەر وەک قەرزار.

٣زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و بە تاڵان تاڵان دەکرێت، یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.

٤زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، جیهان داهێزرا و سیس بوو، گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.

٥زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو، چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد، فەرزەکانیان پێشێل کرد و پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.

٦لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و دانیشتووانەکەی سزادران. لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و خەڵکێکی کەم مایەوە.

٧شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو، هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.

٨دەفی دەنگ خۆش کپ بوو، هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە، قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.

٩بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە، مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.

١٠شاری وێران تێکشکاوە، هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.

١١لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک، دوورخرایەوە شادی زەوی.

١٢ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و لێدانی دەروازەش کاولییە.

١٣ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی لەنێو گەلان، وەک داتەکاندنی دار زەیتوون، وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.

١٤ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن، بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.

١٥لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن، لە دوورگەکانی دەریاشەوە ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.

١٦لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو: «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!» جا گوتم: «فەوتام! فەوتام! قوڕبەسەرم! ناپاکان ناپاکییان کرد! ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»

١٧ترس و چاڵ و تەڵە بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.

١٨ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت دەکەوێتە چاڵەکەوە و ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت. بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و بناغەکانی زەوی هەژان.

١٩زەوی بە شکان دەشکێت، زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت، زەوی بە لەقین دەلەقێت.

٢٠زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت، جۆلانە دەکات وەک کەپر لەبەردەم با. یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە، دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.

٢١لەو ڕۆژەدا یەزدان سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.

٢٢بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە وەک دیل لە بەندیخانە و لە گرتووخانە توند دەکرێن و دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.

٢٣مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت، چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم، شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.