کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت! بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم، چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە، پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن، بە دڵسۆزی چەسپاون.

٢شارت کاول کرد و شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد، قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە، بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.

٣لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن، شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.

٤بوویت بە پەناگای هەژار، پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە، چەتر لە لێزمەی باران و سێبەر لە گەرما، چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،

٥وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا. هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت وەک گەرما بە سێبەری هەور گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.

٦یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات، خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان مەی سادەی پاڵاوتە.

٧لەم کێوەدا لووشی دەدات پەچەی سەر مردوو، پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە، هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،

٨مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.

٩لەو ڕۆژەدا دەگوترێت: «ئەوەتا ئەمە خودامانە، چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین. ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان دەکرد، شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»

١٠دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت، بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.

١١جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە. خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.

١٢قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە، دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.