کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٢٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن: شاری بەهێزمان هەیە، خودا ڕزگاری دەکاتە شوورا و سەنگەری.

٢دەروازەکان بکەنەوە با نەتەوەی ڕاستودروست پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.

٣تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت، چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.

٤هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن، چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.

٥ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە، شاری بەرزیش نەوی دەکات، دەیدات بە زەویدا، تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.

٦پێی هەژار و هەنگاوی نەدار پێشێلی دەکات.

٧ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە، ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.

٨ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت چاوەڕێی تۆ دەکەین؛ ناوەکەت و یادکردنەوەت ئارەزووی گیانمانە.

٩گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات، هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت، چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین، دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.

١٠بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت، فێری ڕاستودروستی نابێت، لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات، شکۆی یەزدان نابینێت.

١١ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت، بەڵام ئەوان نایبینن. با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن، با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.

١٢ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ، چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.

١٣ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان، بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.

١٤ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە! تارمایین، هەڵناستنەوە، لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن، هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.

١٥ئەی یەزدان، نەتەوەت زیاد کرد، نەتەوەت زیاد کرد و شکۆمەند بوویت، هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.

١٦ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت، کاتێک تەمبێت کردن، بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.

١٧وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت، ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.

١٨سکپڕ بووین تلاینەوە وەک ئەوەی بامان بووبێت. لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.

١٩مردووەکانت زیندوو دەبنەوە، لاشەکان هەڵدەستنەوە. هەستن و گۆرانی بڵێن ئەی دانیشتووانی خۆڵ، چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە، زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.

٢٠گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە، بۆ ساتێک خۆت بشارەوە هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.

٢١ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری. زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات، لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.