١لەو ڕۆژەدا، یەزدان بە شمشێرە ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی، سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە، لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە، ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
٢لەو ڕۆژەدا «گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
٣من یەزدانم، چاودێری ئەوم، هەموو ساتێک ئاوی دەدەم. بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم نەوەک ئازار بدرێت.
٤هەڵچوونم نییە. وای ئەگەر لە جەنگدا دڕکوداڵیان دەخستە بەرپێم! من پێشێلم دەکردن و دەمسووتاندن، گڕم لە هەموویان بەردەدا.
٥بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت، ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
٦لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت، ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات، ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
٧ئایا یەزدان لێیدان بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟ یان ئەوەندەی لێ کوشتن وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
٨بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد، ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
٩لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت، ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات، نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر بە پێوە نەمێنێت.
١٠شاری قەڵابەند تەنهایە، ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی، لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و لەوێ پاڵ دەداتەوە و لقەکانی تێکدەدات.
١١کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن، چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە، لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
١٢لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە، ئەی نەوەی ئیسرائیل.
١٣لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.