١قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن! قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت، کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە. قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
٢ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە. وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر، وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ، بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
٣پێشێل دەکرێت تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
٤دەبێت بە گوڵی سیس بوو جوانی شکۆمەندییەکەی، ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە، وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین، ئەوەی دەیبینێت هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.
٥لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و تاجی شکۆمەندی بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
٦دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و پاڵەوانیێتی بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.
٧ئەمانیش بە شەراب گێژن و بە مەی گومڕان: کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن، بە شەراب قووتدەدرێن، بە مەی گومڕان، کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن، کوێرانە حوکم دەدەن.
٨هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.
٩دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟ پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟ بۆ لەشیربڕاوەکان، یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
١٠وەک گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»
١١کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
١٢بۆ ئەوانەی پێی گوتن: «ئەمە حەسانەوەیە، با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.» بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
١٣جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە: گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ. بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.
١٤ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن!
١٥گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە، کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە، چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»
١٦لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، کە دەبێتە سەنگی مەحەک، گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە بۆ بناغەیەکی پتەو، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
١٧دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم، جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
١٨پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت. کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت، ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
١٩هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات، چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت بە شەو و بە ڕۆژ.» بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە دەبێتە مایەی تۆقاندن.
٢٠دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
٢١یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا، هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە! بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
٢٢ئێستا گالتەجاڕ مەبن، نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت، چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.
٢٣گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن، گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
٢٤ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت، هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
٢٥ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد، تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و جۆ لە شوێنی نیشانکراو، گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
٢٦جا خودای خۆی فێری دەکات، بە دادوەری ڕێنمایی دەکات.
٢٧کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت، چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت، بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و زیرەش بە گۆچان.
٢٨دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت، هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت، چەرخەی عەرەبانەکەی و ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
٢٩هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون، ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.