کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٣١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی، پشت بە ئەسپ دەبەستن، متمانە بە زۆری گالیسکە و هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن، بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.

٢ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت، لە وشەی خۆی با ناداتەوە. هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.

٣بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا، ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح. کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات، یارمەتیدەر ساتمە دەکات و یارمەتیدراو دەکەوێت، هەموو پێکەوە لەناودەچن.

٤ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت بەسەر نێچیرەکەیەوە، ئەوەی کۆمەڵە شوان هاواری لێ دەکەن، لە دەنگیان ناترسێت و لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت، ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.

٥وەک باڵندە فڕیوەکان، ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات، پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت، بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.»

٦ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە،

٧چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

٨«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا، شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات. جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.

٩قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت، میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،» یەزدان دەفەرموێت، ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.