کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن،

٢مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران، وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا.

٣چاوی بینەران کز نابێت و گوێی گوێگرەکان دەبیستێت.

٤دڵی هەڵەشەکان دەزانن و تێدەگەن و زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن.

٥ئیتر گێل بە «ڕێزدار» بانگ ناکرێت، بە فێڵبازیش ناگوترێت «خانەدان»،

٦چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و دڵیشی خراپە دەکات، بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات، لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت، بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت.

٧ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و پیلانی بەدکاری دەگێڕێت، هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت.

٨بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.

٩ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن! ئەی کیژە دڵنیاکان، گوێ شل بکەن بۆ قسەی من!

١٠ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ لەرز دەتانگرێت، چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و کۆکردنەوە نایەت.

١١ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن! ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت! جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە، گوش لە کەمەرتان ببەستن.

١٢لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان، بۆ ڕەزی بەردار،

١٣بۆ خاکی گەلەکەم دڕکوداڵ دەڕوێت، بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان، بۆ شارە گەشاوەکە.

١٤بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت، شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت، قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە، دەبن بە سەیرانگای گوێدرێژەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،

١٥هەتا ئەو کاتەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا دەڕژێت، جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و باخیش بە دارستان دادەنرێت.

١٦جا دادپەروەری یەزدان لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و ڕاستودروستییەکەشی لەناو باخ دادەنیشێت.

١٧جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.

١٨ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و لە نشینگەی ئاسوودەیی و شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی.

١٩تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت، شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت،

٢٠بەڵام خۆزگە بە خۆتان کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.