کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٣٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١قوڕبەسەرت ئەی تێکدەر، کە تێکیان نەدایت! قوڕبەسەرت ئەی ناپاک، کە ناپاکییان لێ نەکردوویت! کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت، خۆت تێکدەدرێیت؛ کاتێک لە ناپاکی بوویتەوە، خۆت ناپاکیت لێ دەکرێت.

٢ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە، هیوامان بە تۆیە. هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.

٣لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد، کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.

٤ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات، وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.

٥یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە، سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.

٦یەزدان دەبێتە مایەی دڵنیایی کاتەکانت. گەنجینەی ڕزگاری و دانایی و زانینە، لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.

٧ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن، نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.

٨ڕێگاکان چۆڵ بوون، بڕانەوە ڕێبواران. پەیمان شکا و شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و کەس بە هیچ دانانرێت.

٩زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا، شارۆن وەک بیابانی عەراڤای لێهات، باشان و کارمەل ڕووتانەوە.

١٠یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم، ئێستا بە گەورە دەزانرێم، ئێستا بڵند دەکرێمەوە.

١١بە گیا دووگیان دەبن و کاتان دەبێت، هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.

١٢گەلان دەبن بە گەچ، وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

١٣ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە، ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!

١٤گوناهباران لە سییۆن تۆقین، گڵاوەکان لەرز دایگرتن: «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟ کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»

١٥ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و ڕاستی دەڵێت، ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە دەستەکانی بۆ وەرگرتنی بەرتیل، ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،

١٦ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت، قەڵای چیاکان پەناگایەتی، نانی دەدرێت و ئاوی مسۆگەرە.

١٧چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت، سنوورێکی فراوان دەبینن.

١٨دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت: «کوا خامەی نهێنی و کوا باجگر؟ کوا بەرپرسی قوللەکان؟»

١٩ئیتر گەلی دڕندە نابینن، گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن، زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.

٢٠بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان، چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن، ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە. سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن، هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.

٢١بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.

٢٢یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات.

٢٣گوریسەکانت شل بوون، بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن، چارۆکە بڵاو ناکەنەوە. ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا، شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.

٢٤دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،» ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.