کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٤٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.

٢کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت،

٣چونکە من یەزدانم، خودای تۆم، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ. میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ، کوش و سەبا لە جێی تۆ.

٤لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام، سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت، لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم، لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.

٥مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.

٦بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و بە باشووریش: ”مەیانگرە!“ کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.

٧هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»

٨دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە، کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.

٩با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە، با نەتەوەکان خڕ ببنەوە. کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟ با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن، یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»

١٠یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت.

١١منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.

١٢من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند، منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت. ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٣«لەو ڕۆژەوە من ئەوم، کەس لە دەستم دەرباز نابێت. هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟»

١٤یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم، بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.

١٥منم یەزدان، پیرۆزەکەتان، بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»

١٦یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە، لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،

١٧ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد، سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە، کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، ئەو ئەمە دەفەرموێت:

١٨«باسی سەرەتاکان مەکەن، لە دێرینەکان ڕامەمێنن.

١٩ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان.

٢٠ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن، چەقەڵ و کوندەپەپوو، چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە، ڕووبارەکان لە بیاباندا بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،

٢١ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن.

٢٢«بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب، لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.

٢٣بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا، بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم. بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت، بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.

٢٤بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم، بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم، بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم، بە تاوانەکانت ماندووت کردم.

٢٥«منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە، لە پێناو خۆم، گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە.

٢٦بەبیرم بخەرەوە، با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن، بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.

٢٧باوکی یەکەمت گوناهی کرد و پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.

٢٨لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و یاقوب دەدەمە قڕکردن و ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.