١«ئێستا یاقوبی بەندەم، ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
٢دروستکەر، یارمەتیدەرت، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەترسە یاقوبی بەندەم، یەشوروونی هەڵبژاردەم،
٣چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا، ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و بەرەکەتم بەسەر توخمت.
٤جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
٥ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“ ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت، ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.
٦«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: من سەرەتا و من کۆتاییم، لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
٧کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات، با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، با پێیان ڕابگەیەنن.
٨مەتۆقن و مەترسن. ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟ ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟ نەخێر، هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە؛ هیچی دیکە ناناسم.»
٩شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن، شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن. شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن.
١٠کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟
١١ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن. وەستاکانی لە مرۆڤن، هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن، پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن.
١٢ئاسنگەر بە ئامێرەکانی پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە. بە چەکوش شێوەی دەکات، بە هێزی بازووی دروستی دەکات. برسی دەبێت هێزی نییە، ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو.
١٣دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا، نیشانی کرد بە نیشانکەر، بە ئەسکەنە دروستی دەکات. بە پرگال وێنەی دەکێشێت، جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات، وەک جوانی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت.
١٤دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە، یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد، بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات، یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد.
١٥جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن، لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە، دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت. بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات، دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.
١٦نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت، لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات، گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت. هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها! گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.»
١٧پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی، ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات. نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت: «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.»
١٨نازانن و تێناگەن، چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و مێشکیان لە تێگەیشتن.
١٩لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و زانین و تێگەیشتنی نییە هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد، بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم. ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون، بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟»
٢٠لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد. گیانی خۆی ڕزگار ناکات، ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لەنێو دەستی ڕاستم؟»
٢١«ئەمەت لەبیر بێت، ئەی یاقوب، ئەی ئیسرائیل، چونکە تۆ بەندەی منیت، شێوەی تۆم کێشا، تۆ بەندەی منیت. ئەی ئیسرائیل، لەبیرم ناچیت.
٢٢یاخیبوونەکانی تۆم وەک هەوری تار سڕییەوە، گوناهەکانیشت وەک تەمی بەیانییان. بگەڕێوە بۆ لام، چونکە تۆم کڕییەوە.»
٢٣ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛ ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن! هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان، ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە، چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و لە ئیسرائیل شکۆدارە.
٢٤«یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانم، دروستکەری هەموو، بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە، زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
٢٥نیشانەی پێغەمبەرانی درۆزنم پوکاندەوە، فاڵگرەوەم گێل کرد. دانام گەڕاندەوە دواوە، زانینەکەی ئەوانم کردە نەزانی.
٢٦وشەی خزمەتکارەکەی بەجێدەهێنێت، پلانی نێردراوەکانی تەواو دەکات، سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ”ئاوەدان دەبێتەوە،“ بە شارۆچکەکانی یەهوداش: ”بنیاد دەنرێنەوە،“ سەبارەت بە کەلاوەکانیش: ”نۆژەنیان دەکەمەوە،“
٢٧بە دەریا دەڵێت: ”وشک بە، منیش ڕووبارەکانت وشک دەکەم،“
٢٨سەبارەت بە کۆرش دەڵێت: ”ئەو شوانی منە، هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی. سەبارەت بە ئۆرشەلیمیش دەڵێت: ’با بنیاد بنرێتەوە،‘ بە پەرستگاش دەڵێت: ’با دابمەزرێتەوە.‘ “»