١«گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل، ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون، ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن، ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن، بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
٢بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
٣سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە، لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن، لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
٤دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و ملتان دەماری ئاسنینە و ناوچەوانتان بڕۆنزە.
٥لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن، وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت، نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی، خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
٦ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی. ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟ «وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت، ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
٧ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون، بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون نەوەک بڵێن، ”ئەوەتا دەمانزانی.“
٨هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان، لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە. باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن، لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
٩لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دوا دەخەم، لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم، نەوەک بتانبڕمەوە.
١٠ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو، لەناو کوورەی ئازارچێژتن تاقیم کردنەوە.
١١لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم، چۆن ڕێگا دەدەم ناوی من گڵاو بکرێت؟ شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.
١٢«ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی ئیسرائیل، ئەوانەی کە بانگم کردن. ئەوە منم، من سەرەتا و من کۆتاییم.
١٣دەستی من زەوی دامەزراند، دەستی ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە. کاتێک من بانگیان دەکەم، پێکەوە دەوەستن.
١٤«هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن! کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟ هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان، هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات، بازووشی لە دژی بابلییەکان دەبێت.
١٥من، من قسەم کرد و بانگم کرد، هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
١٦«وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن: «لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد، کاتێک ڕوودەدات، من لەوێم.» ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
١٧یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانی پەروەردگارتانم، فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن، بەو ڕێگایەدا دەتانبەم کە دەبێت بیگرنەبەر.
١٨خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت، جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو، ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
١٩نەوەکانتان وەک لم دەبوو، وەچەتان وەک دەنکی لم، ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و نە لەناودەچوو.»
٢٠لە بابل بچنە دەرەوە، لە بابلییەکان هەڵبێن! بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن، جاڕی ئەمە بدەن. سەرتاسەری زەوی لێ ئاگادار بکەنەوە، بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
٢١تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی، لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن، تاشەبەردی شەقکرد و ئاو تەقییەوە.
٢٢یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»