١ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن: یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم، لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
٢دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ، لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە، منی کردە تیرێکی تیژکراو، لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
٣بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت، ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.»
٤منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم، لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت، بەڵام دادم لەلای یەزدانە و پاداشتم لای خودامە.»
٥ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا، بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی، تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو، جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و خوداشم دەبێتە هێزم،
٦ئەو دەفەرموێت: «ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست، بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.»
٧یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت: بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە، بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان: «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن، میرانیش کڕنۆش دەبەن، لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
٨یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم، جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل، بۆ بوژاندنەوەی زەوی، بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
٩بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“ بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“ «لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن، لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
١٠نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
١١هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
١٢ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
١٣ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.
١٤بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم! پەروەردگار لەبیری کردم.»
١٥«چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
١٦ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
١٧کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە، ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
١٨چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە! هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.» یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت، وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.
١٩«هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و خاکەکەشت ڕووخێنرا، بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان، لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
٢٠ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن: ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان، جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
٢١لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو کە من سک سووتاو و نەزۆکم، دوورخراوە و دەربەدەرم؟ ئەی کێ بەخێوی کردن؟ ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە، ئەمانە لەکوێ بوون؟“»
٢٢یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
٢٣پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن، شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ، ڕوویان لە زەوی دەبێت، کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»
٢٤ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟ ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟
٢٥بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت، دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت. من دژایەتی دژەکانت دەکەم و من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم.
٢٦وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن. جا هەموو مرۆڤ دەزانێت من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم، ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»