کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٥١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن، ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن: تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،

٢تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن، بڕواننە سارا، ئەوەی ئێوەی بووە، چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو، بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.

٣بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات، دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات. چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان. شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە، سوپاس و دەنگی مۆسیقا.

٤«ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن، چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.

٥ڕاستودروستیم نزیکە، ڕزگاریم بەڕێوەیە، بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات. دوورگەکان چاوەڕێی منن، هیوایان بە بازووی منە.

٦چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن، چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و زەوی وەک جل دادەڕزێت و دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن. بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت، ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.

٧«ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن، ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە: مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن، لە جنێوەکانیان مەتۆقن،

٨چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و وەک خوری کرم لێیان دەدات، بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»

٩بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە، ئەی بازووی یەزدان، بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان، وەک لە سەردەمانی پێشوو! ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد، کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟

١٠ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد، ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی، ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟

١١جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

١٢«منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم. تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت، یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟

١٣تۆ کێیت تاوەکو یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت، کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و زەوی دامەزراندووە، کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە لە تووڕەیی ستەمکار، کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟ بەڵام کوا تووڕەیی ستەمکار؟

١٤بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن، لەناو زیندان نامرن، نانیان کەم نابێت،

١٥چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم، ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت، ناوم یەزدانی سوپاسالارە.

١٦من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە، من کە ئاسمانم لە شوێنی خۆی دانا و زەویم دامەزراند، کە بە سییۆن دەڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»

١٧بەئاگا بە! بەئاگا بە! ئۆرشەلیم هەستە! ئەوەی جامی تووڕەییت بە دەستی یەزدان خواردەوە، خڵتی جامی بەلاداهاتنت خواردەوە و چۆڕاندتەوە.

١٨کەس نییە ڕێنمایی بکات لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون، کەس نییە دەستی بگرێت لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.

١٩کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون، کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر. کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟ کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟

٢٠کوڕەکانت گرمۆڵە بوون و ڕاکشان لەسەر سووچی هەموو شەقامێک وەک ئاسک لەناو تۆڕدا. پڕن لە تووڕەیی یەزدان و لە سەرزەنشتی خودات.

٢١لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە، ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.

٢٢یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت، خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات: «ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت، لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.

٢٣دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت، ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت: ”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“ جا پشتت وەک زەوی دانا، وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.