١ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە! بەرگی هێزت لەبەر بکە، ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، بەرگی جوانیت بپۆشە، چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت خەتەنەنەکراو و گڵاو.
٢ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە. ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن، کۆتەکانی ملت بکەرەوە.
٣ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەخۆڕایی فرۆشران، بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»
٤هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ، لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»
٥یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟ «گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن، بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش کفر بە ناوی من دەکرێت.
٦لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن، لەو ڕۆژەدا دەزانن ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.» یەزدان دەفەرموێت.
٧چەند جوانە لەسەر چیاکان پێیەکانی مزگێنیدەران، ڕاگەیەنەری ئاشتی، مزگێنیدەری خۆشی، ڕاگەیەنەری ڕزگاری، ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن: «خودات پاشایەتی دەکات!»
٨گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن، پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن، بە چاوی خۆیان دەبینن کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
٩ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم، پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات، بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
١٠یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان، هەر چوار لای زەویش ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
١١ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان، جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە! دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن! لەناوی وەرنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
١٢بەڵام بە پەلە دەرناچن، بە هەڵاتن ناڕۆن، چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات، خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.
١٣ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
١٤وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما، دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو، وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو،
١٥ئاوا زۆر لە نەتەوەکان لێی سەرسام دەبن، لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن، چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن، ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.