کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٥٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن، گوێشی گران نییە بۆ بیستن،

٢بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست لەنێوان ئێوە و خوداتان، گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە تاکو گوێتان لێ نەگرێت.

٣لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و پەنجەکانیشتان بە تاوان، لێوەکانتان بە درۆ دوان و زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.

٤کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات. پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن. بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.

٥هێلکەی ماریان هەڵهێنا، تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن. ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت، ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.

٦تەونەکانیان نابێتە بەرگ و خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن، کردارەکانیان کرداری خراپەن و کردەوەی دەستیان ستەمە.

٧پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان. بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە، وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.

٨ڕێگای ئاشتی پێنازانن، دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان. ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد، هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.

٩لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوور کەوتەوە و ڕاستودروستی پێمان ناگات. چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت، بە هیواین ڕۆشنایی بێت، بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.

١٠وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین، وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین. لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین، لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.

١١هەموومان وەک ورچ دەبۆڕێنین، وەک کۆتر دەگمێنین، چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە، بە هیوای ڕزگارین، بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.

١٢بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون، گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن. یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون، دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:

١٣یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان، لادان لە ڕێگای خودای خۆمان، هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە، دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.

١٤دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت. ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە.

١٥ڕاستی ون بووە و ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر. یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو کە دادپەروەری نەبوو.

١٦بینی کەس نەبوو، سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو. بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین، ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.

١٧ڕاستودروستی وەک زرێ لەبەرکرد و کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری، بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد، دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.

١٨بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت، سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات، بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.

١٩خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی، چونکە یەزدان وەک لافاو دێت، بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.

٢٠«ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن، بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

٢١یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،» یەزدان دەفەرموێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.