کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٦٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات، شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.

٢ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و هەوری تاریش نەتەوەکان. بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات، شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.

٣نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن، پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.

٤«چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە! هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن، کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.

٥ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت، لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت، چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە، دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.

٦ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت، وشترەکانی میدیان و عێفا. هەموو لە شەباوە دێن، زێڕ و بخووریان بارکردووە، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.

٧هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە، بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان، بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.

٨«ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟

٩بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن، هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە، زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە شکۆداری کردیت.

١٠«نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە، پاشاکانیان خزمەتت دەکەن. هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت، بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە.

١١دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن، شەو و ڕۆژ داناخرێن بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن،

١٢چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و بە تەواوی وێران دەبێت.

١٣«شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت، داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە، بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.

١٤کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات، هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و پێت دەڵێن: شاری یەزدان، سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

١٥«لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و بێ ڕێبوار بیت، دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی، شادی نەوە دوای نەوە.

١٦لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت، لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت. جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم، ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.

١٧لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم، لە جیاتی داریش بڕۆنز و لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم. سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.

١٨ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت، بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و دەروازەکانیشت ”ستایش“.

١٩ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ، درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ، بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت.

٢٠لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت، مانگی تۆ کەم ناکات، چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.

٢١لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.

٢٢بچووک دەبێت بە هەزار و بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن. من یەزدانم، لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.