١ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات، چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران. منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان، بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و ئازادکردنی کۆیلەکان،
٢بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان و ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان، بۆ دڵنەواییکردنی هەموو ماتەمدارەکان.
٣ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم، تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ، زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە، هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان. جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی، نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.
٤کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە. شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.
٥بێگانە دێنە خزمەتتان و شوانایەتی مێگەلەکانتان دەکەن و کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.
٦ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان، پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان. سامانی نەتەوەکان دەخۆن و شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.
٧گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن، لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن. ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن، خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.
٨«من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت، ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە. بە دڵسۆزییەوە پاداشتی گەلەکەم دەدەمەوە و پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.
٩توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و وەچەشیان لەنێو گەلاندا. هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»
١٠بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان، گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت، چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم، کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا، وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.
١١وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت، ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.