١لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
٢ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت دەبینن، هەموو پاشاکانیش شکۆمەندییەکەت. ناوێکی نوێت لێ دەنرێت کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
٣دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
٤چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»، بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا»، خاکەکەشت، «بەعولە»، چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت، خاکەکەشت مێردی دەبێت.
٥وەک چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە، ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت. وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک، ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
٦ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە، بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن. ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە، ئۆقرە مەگرن،
٧لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و ناوداری دەکات لە زەویدا.
٨یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و بە هێزی بازووی سوێندی خوارد: «چیتر دانەوێڵەکەت ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت، نامۆکان نایخۆنەوە،
٩بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و ستایشی یەزدان دەکەن، ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»
١٠تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە! ڕێگای گەل خۆش بکەن. ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن! لە بەرد پاکی بکەنەوە. ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
١١ئەوەتا یەزدان بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە: «بە شاری سییۆن بڵێن، ”وا ڕزگارکەرەکەت دێت! وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»
١٢ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»، «ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»، تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»، «شارە بەجێنەماوەکە».