کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٦٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت بە بەرگی سوور لە بۆزراوە، ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟ «منم، بە ڕاستودروستی دەدوێم مەزنم بۆ ڕزگاری.»

٢بۆچی بەرگت سوورە و بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟

٣«کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو بە تەنها گوشەرم پەستەوە. لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە، بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان. جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و هەموو جلەکەم لەکەدار بوو.

٤ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و ساڵی کڕینەوەی گەلم هات.

٥تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو، سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو، بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد، هەڵچوونم پشتگیری کردم.

٦بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە، بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن، خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.»

٧باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.

٨فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن، کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،» جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر.

٩لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن.

١٠بەڵام ئەوان یاخی بوون و ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد، جا لێیان بوو بە دوژمن و لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە.

١١ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە، ڕۆژانی موسا و گەلەکەی. کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟ کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی لەنێویان دانا؟

١٢کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد، ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد، بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات،

١٣ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟ وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا،

١٤وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی، ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان. ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت.

١٥لە ئاسمانەوە تەماشا بکە، لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە، کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟ ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی.

١٦بەڵام تۆ باوکی ئێمەی، ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت. ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت، لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.

١٧ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین، بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟ بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت، هۆزەکانی میراتەکەت.

١٨بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون، بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد.

١٩ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین، ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە، وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.