کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٦٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خۆزگە ئاسمانت شەق دەکرد و دەهاتیتە خوارەوە، چیاکان لەبەردەمت دەلەرزین!

٢وەک ئەوەی ئاگر گڕ بەردەداتە پوشوپەڵاش و ئاگر وا دەکات ئاو بکوڵێت، وەرە خوارەوە، با دوژمنانت ناوت بزانن، با نەتەوەکان لەبەردەمتدا بلەرزن.

٣کاتێک کارە ترسناکەکانت کرد کە چاوەڕێمان نەدەکرد، دابەزیت و چیاکان لەبەردەمتدا لەرزین.

٤لە کۆنەوە نە گوێیان لێ بووە و نە بیستوویانە، هیچ چاوێک خودایەکی جگە لە تۆ نەبینیوە، ئەوە بکات بۆ ئەو کەسەی چاوەڕێی دەکات.

٥تۆ دێیت بۆ یارمەتی ئەوانەی بە دڵخۆشییەوە کاری ڕاستودروستی دەکەن، ئەوانەی بیر لە ڕێگاکانت دەکەنەوە هەتا پەیڕەوی بکەن. بەڵام کاتێک ئێمە بە بەردەوامی گوناهمان لە دژی ئەوان کرد، تۆ تووڕە بوویت. ئیتر چۆن ڕزگار دەبین؟

٦هەموومان وەک کەسێکی گڵاومان لێ هات، هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو. هەموو وەک گەڵا سیس بووین، تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت.

٧کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت، چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە.

٨بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت، ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.

٩ئەی یەزدان، تەواو تووڕە مەبە و هەتا کۆتایی تاوانمان بەبیر خۆت مەهێنەرەوە، تکایە، تەماشامان بکە! ئێمە هەموو گەلی تۆین.

١٠شارە پیرۆزەکانت بوون بە چۆڵەوانی، سییۆن بوو بە چۆڵەوانی و ئۆرشەلیم وێران بوو.

١١پەرستگای پیرۆزی و شانازیمان، کە لەوێ باوباپیرانمان ستایشی تۆیان کرد، بە ئاگر سووتێنراوە و هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆ ئێمە گەنجینە بوون، بە کەلاوە بوون.

١٢ئەی یەزدان، ئایا لەدوای هەموو ئەمانە لە یارمەتیدان خۆت بە دوور دەگریت؟ ئایا بێدەنگ دەبیت و بە تەواوی سزامان دەدەیت؟

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.