کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٦٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد، دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان. بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن، فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“

٢بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت، بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە، بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.

٣گەلێک بەردەوام بەرەو ڕووم پەستم دەکەن، گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت، لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،

٤ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت، لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات، گۆشتی بەراز دەخوات و لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.

٥دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە، چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“ ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا، ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.

٦«ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە: بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە، سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،

٧لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،» یەزدان دەفەرموێت. «لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد، کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»

٨یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە، جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە، چونکە خێروبێری تێدایە،“ ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.

٩بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم، لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم. جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.

١٠جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و دۆڵی عاخۆریش بە مۆڵگای مانگا، بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.

١١«بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە، خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،

١٢چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن، لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە، قسەم کرد و گوێتان نەگرت بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد، ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»

١٣لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن، بەڵام ئێوە برسی دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە، بەڵام ئێوە تینوو دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن، بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.

١٤ئەوەتا لە دڵخۆشیدا بەندەکانم گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.

١٥لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت، بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.

١٦ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات، بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات، چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و لەبەرچاوم شاردرانەوە.

١٧«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە.

١٨بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن لەوەی من بەدی دەهێنم، چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.

١٩بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و بە گەلی خۆم شاد دەبم، چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

٢٠«چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو، چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت بە گەنج دادەنرێت و ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.

٢١خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن، ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

٢٢خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت، ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات، چونکە ڕۆژانی گەلەکەم وەک ڕۆژانی دار دەبێت و هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن لە کردارەکانی دەستیان.

٢٣بەخۆڕایی ماندوو نابن و بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت، چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و وەچەکانیان لەگەڵیاندان.

٢٤جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.

٢٥گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن، شێریش وەک مانگا گیا دەخوات، بەڵام نانی مار خۆڵە. لە هەموو کێوی پیرۆزم نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،» یەزدان دەفەرموێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.