١ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
٢یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم.
٣کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
٤ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.»
٥گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،»
٦پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
٧لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
٨پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێتلەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
٩سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
١٠پاشان مرد و لە بێتلەحم نێژرا.
١١پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
١٢پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
١٣پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
١٤چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
١٥ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.