کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ١٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن.

٢ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو، ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو.

٣جا فریشتەی یەزدان بۆ ژنەکە دەرکەوت و پێی فەرموو: «تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە، بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت.

٤ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ.

٥ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.»

٦ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت: «پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو. لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە، ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم.

٧پێی گوتم: ”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ، چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“»

٨ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «ئەی پەروەردگار، داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.»

٩خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو.

١٠ئیتر ژنەکە بە خێرایی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت: «ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام، لێرەیە!»

١١مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە، پێی گوت: «تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟» ئەویش گوتی: «من ئەوم.»

١٢مانۆوەحیش گوتی: «لە کاتی هاتنەدی وتەکەت، ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟»

١٣ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت: «با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت،

١٤ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات، شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات. با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.»

١٥ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.»

١٦فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت: «ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم، ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.» مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە.

١٧مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «ناوت چییە، بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟»

١٨فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت: «بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟ ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟»

١٩ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان، یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد.

٢٠ئەوە بوو: لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان، فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت. کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا.

٢١لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما، ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو.

٢٢ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت: «بێگومان دەمرین، چونکە خودامان بینی!»

٢٣ژنەکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت، هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.»

٢٤ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون. کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد،

٢٥ڕۆحی یەزدانیش دەستی کرد بە جوڵاندنی شەمشون کاتێک لە مەحەنێی دان بوو کە دەکەوێتە نێوان چۆرعا و ئەشتائۆل.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.