کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.

٢باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»

٣شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»

٤ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.

٥ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.

٦فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.» ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.

٧شەمشونیش پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد، وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.»

٨ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.

٩ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.

١٠جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟» ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»

١١ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟» ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»

١٢ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.» شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»

١٣ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.

١٤کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.

١٥ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.

١٦ئینجا شەمشون گوتی: «بە شەویلاکی کەرێک ئێوەم کردە کەرگەل، بە شەویلاکی کەرێک هەزار پیاوم کوشت.»

١٧کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی ناو برد.

١٨پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟»

١٩ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.

٢٠جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.