١پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای.
٢ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.»
٣شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن.
٤پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو.
٥ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «بزانە دەتوانیت فریوی بدەیت تاوەکو نهێنی هێزە مەزنەکەیت بۆ ئاشکرا بکات و چۆنیش دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین بۆ ئەوەی پەلبەست و ملکەچی بکەین. دواتر هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل زیوت پێدەدەین.»
٦جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟»
٧شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
٨ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستییەوە.
٩کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە.
١٠جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»
١١ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
١٢ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستییەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە.
١٣دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و
١٤لە تەختە دارێک گرێی دا. جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند.
١٥ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت، ”تۆم خۆشدەوێ،“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.»
١٦جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو.
١٧بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
١٨جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
١٩ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا.
٢٠ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە.
٢١جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد.
٢٢بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو.
٢٣حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.»
٢٤جا گەل کە شەمشونیان بینی ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان: «خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی دایە دەستمان کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و زۆری لێ کوشتین.»
٢٥پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نواندنی بۆ دەکردن. کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند،
٢٦شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.»
٢٧پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نواندنی بۆ دەکردن.
٢٨جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.»
٢٩ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی.
٣٠ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی.
٣١ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.