کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ١٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«گوناهەکانی یەهودا بە قەڵەمی ئاسن نووسراوە، بە نووکی ئەڵماس هەڵکۆڵراوە، لەسەر پەڕەی دڵیان و لەسەر قۆچی قوربانگاکانیان.

٢تەنانەت منداڵەکانیشیان ئەوانەیان بەبیر دێتەوە، قوربانگا و ستوونە ئەشێراکانیان کە لەلای دارە سەوزەکان و لەسەر کێوە بەرزەکان بوون.

٣چیاکەی خۆم لە دەشتودەر و سامان و هەموو گەنجینەکانی تۆ دەکەم بە تاڵانی، لەگەڵ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانت، چونکە لەنێو خاکەکەت گوناهت کرد.

٤بەخۆت دەستبەردار دەبیت لەو میراتەی کە بە تۆم بەخشی، دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت لە خاکێک کە نەتناسیبێت، چونکە ئاگرتان بەردایە تووڕەییم هەتاهەتایە گڕدەگرێت.»

٥یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت، متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.

٦وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت، چاکە نابینێت کاتێک دێت، لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی، لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت.

٧«بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و متمانەی پێی هەیە.

٨وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو، لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت، لە گەرما ناترسێت، گەڵاکانی سەوزن، گوێ بە وشکەساڵی نادات، لە بەروبووم دان ناوەستێت.»

٩دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و دەرمانی نییە، کێ دەیناسێت؟

١٠«من یەزدانم، دڵ دەپشکنم، دەروون تاقی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم، بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»

١١وەک کەوێک کڕکەوتبێت بەسەر ئەو هێلکانەی خۆی نەیکردبێت، دەوڵەمەندێک بە ناڕەوایی دەوڵەمەند بووبێت، لە نیوەی تەمەنی وازی لێ دەهێنێت، لە کۆتاییشدا دەبێتە گێل.

١٢تەختی شکۆمەندییە، هەر لە سەرەتاوە بەرزە، شوێنی پیرۆزگاکەمان.

١٣ئەی یەزدان، هیوای ئیسرائیل! هەموو ئەوانەی وازت لێ دێنن، شەرمەزار دەبن، ئەوانەی لە تۆ لادەدەن، لەسەر خۆڵ دەنووسرێن، چونکە وازیان لە یەزدان هێنا، لە کانی ئاوی ژیان.

١٤ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە، ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم، چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.

١٥ئەوەتا ناحەزانم پێم دەڵێن: «کوا فەرمایشتی یەزدان؟ با ئێستا بێتە دی!»

١٦منیش هەرگیز لەوە لام نەدا شوان بم لەلای تۆ، تۆ دەزانیت کە خوازیاری ڕۆژی کوشندە نەبووم. چی لە دەمم هاتووەتە دەرەوە لەبەردەمی خۆت بووە.

١٧ئەی یەزدان، مەمتۆقێنە، تۆ پەناگای منی لە ڕۆژی لەناوچوون.

١٨با ڕاونەرانم شەرمەزار بن بەڵام من شەرمەزار نەبم، با ئەوان بتۆقن بەڵام من نەتۆقم. ڕۆژی لەناوچوونیان بەسەردا بهێنە، دوو ئەوەندە وردوخاشیان بکە.

١٩یەزدان ئاوای پێ فەرمووم: «بڕۆ و لەلای دەروازەی نەوەی گەل بوەستە، ئەوەی پاشاکانی یەهودا پێیدا دێنە ژوورەوە و دەچنە دەرەوە، هەروەها لە هەموو دەروازەکانی دیکەی ئۆرشەلیم بوەستە.

٢٠پێیان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی پاشاکانی یەهودا و هەموو یەهودا و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.

٢١یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداری خۆتان بن و لە ڕۆژی شەممەدا هیچ بارێک هەڵمەگرن و بەناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا بیهێننە ژوورەوە.

٢٢هیچ بارێکیش لە ڕۆژی شەممەدا لە ماڵەکانتانەوە مەهێننە دەرەوە و هیچ کارێک مەکەن، ڕۆژی شەممە تەرخان بکەن، وەک ئەوەی فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد.

٢٣بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان پێی نەدا و کەللەڕەقییان کرد، نەیانبیست و تەمبێ نەبوون.

٢٤بەڵام ئەگەر بە تەواوی گوێم لێ بگرن، لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەهێننە ناو دەروازەکانی ئەم شارە و ڕۆژی شەممەتان تەرخان کرد، بۆ ئەوەی هیچ کارێکی تێدا نەکەن،

٢٥ئەوا پاشایانی سەر تەختی داود لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە دەروازەکانی ئەم شارەدا دێنە ژوورەوە، لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە، لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دێن، ئەم شارەش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت.

٢٦ئینجا لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە خاکی بنیامین، لە زوورگەکانی خۆرئاوا، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نەقەبەوە دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو، پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدانەوە.

٢٧خۆ ئەگەر گوێ لە من نەگرن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە، بەردەوام بوون لەوەی بە بارەوە بێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیم، ئەوا من ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەدەمە دەروازەکانی ئۆرشەلیم کە قەڵاکانی لەناودەبات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.