کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:

٢«هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.»

٣منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات.

٤بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.

٥ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:

٦«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر.

٧ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت،

٨ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم.

٩ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم،

١٠بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١١«ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“

١٢بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»

١٣لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەنێو نەتەوەکان بپرسن: کێ وەک ئەمەی بیستووە؟ بێ تامترین خراپە ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.

١٤ئایا بەفری لوبنان لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟ ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی وشک دەبێت؟

١٥بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە، بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە، کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و ڕێچکە کۆنەکان، تاکو بە لاڕێکان و ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.

١٦بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت، بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و سەر بلەقێنێت.

١٧وەک بای ڕۆژهەڵات لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم، لە ڕۆژی کارەساتیان پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»

١٨ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»

١٩ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە، گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.

٢٠ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟ بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە. بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت، بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە، تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.

٢١لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی، بیاندە دەست شمشێر، با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن، پیاوەکانیشیان بمرن، گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.

٢٢با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت، کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت، چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم، تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.

٢٣بەڵام ئەی یەزدان، تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی. لە تاوانیان خۆش مەبە و گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە. با لەبەردەمت تێکبشکێن، لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.