١ئەوە بوو لە هەمان ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی چوارەمی سەرەتای پاشایەتی سدقیای پاشای یەهودا، حەنەنیای پێغەمبەر کوڕی عازوور کە خەڵکی گبعۆنە، لە ماڵی یەزدان لەبەرچاوی کاهینەکان و هەموو گەل پێی گوتم:
٢«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نیری پاشای بابل دەشکێنم.
٣لە ماوەی دوو ساڵدا من هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لەم شوێنەوە بردییە بابل.
٤یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا دەگەڕێنمەوە ئەم شوێنە، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لەگەڵی بۆ بابل ڕاپێچ کرابوون، چونکە نیری پاشای بابل دەشکێنم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
٥یەرمیای پێغەمبەریش لەبەردەمی کاهینەکان و هەموو گەل ئەوانەی لە ماڵی یەزدان وەستابوون وەڵامی حەنەنیای پێغەمبەری دایەوە،
٦گوتی: «ئامین! با یەزدان ئاوا بکات! با یەزدان قسەکانت بهێنێتە دی کە پێشبینیت کرد، قاپوقاچاغەکەی ماڵی یەزدان و هەموو ئەو کەسانەی ڕاپێچ کرابوون لە بابلەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێرە.
٧بەڵام گوێ لەم قسەیە بگرە کە من بە تۆ و بە هەموو گەلی دەڵێم:
٨لە کۆنەوە، لەپێش من و تۆوە پێغەمبەران سەبارەت بە زۆر گەلان و پاشایەتییە گەورەکان پێشبینی جەنگ و بەڵا و دەردیان کردووە.
٩بەڵام ئەو پێغەمبەرەی پێشبینی ئاشتی بکات، بە هاتنە دی پێشبینییەکەی، دەزانرێت کە بەڕاستی یەزدان ئەو پێغەمبەرەی ناردووە.»
١٠حەنەنیای پێغەمبەریش نیرەکەی لەسەر ملی یەرمیا هەڵگرت و شکاندی.
١١حەنەنیا لەبەردەمی هەموو گەل گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاوا نیری نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ملی هەموو نەتەوەکان دەشکێنم.“» یەرمیای پێغەمبەریش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
١٢دوای ئەوەی حەنەنیای پێغەمبەر نیرەکەی سەر ملی یەرمیای شکاند، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
١٣«بڕۆ و بە حەنەنیا بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ نیرێکی دارینت شکاند، بەڵام تۆ لەجێی ئەوە نیرێکی ئاسنینت دەخرێتە سەر،
١٤چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: نیری ئاسنین دەخەمە سەر ملی هەموو ئەم نەتەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل بکەن، دەبنە کۆیلەی ئەو. تەنانەت دەسەڵاتم بەسەر ئاژەڵە کێوییەکانیش داوەتێ.“»
١٥ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت.
١٦لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”خەریکم لەسەر ڕووی زەوی دەرتدەکەم، تۆ ئەم ساڵ دەمریت، چونکە تۆ جاڕی یاخیبوونت دا لە دژی یەزدان.“»
١٧جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا مرد.