١ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون،
٢لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم.
٣سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی:
٤یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن:
٥«خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن.
٦ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن.
٧کار بکەن بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.»
٨یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن.
٩ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٠«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە.
١١خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٢«جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم.
١٣ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن.
١٤کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٥گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.»
١٦بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون،
١٧بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت.
١٨بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم.
١٩لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٢٠لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
٢١ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت.
٢٢لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی،“
٢٣چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٢٤بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ:
٢٥«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت:
٢٦”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە.
٢٧ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟
٢٨پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“»
٢٩سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە.
٣٠ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
٣١«پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ: ”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن،
٣٢یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.