١ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:
٢یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ، زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت، شار و دانیشتووانەکەی. خەڵکی هاوار دەکەن، هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
٣لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی، لە خڕەی گالیسکەکانی و جیڕەی چەرخەکانی. باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
٤لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن. یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات، پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
٥خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن، ئەسقەلان کپ دەبێت. ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان، هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟
٦«”ئای ئەی شمشێری یەزدان، هەتا کەی پشوو نادەیت؟ بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە و هێدی بە و کپ بە.“
٧بەڵام چۆن پشوو دەدات کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت، لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا، لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»