کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ٤٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بۆ مۆئاب: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت، قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت، قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.

٢شانازی مۆئاب نامێنێت، لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا، ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“ هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت، شمشێر دوات دەکەوێت.

٣گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت، هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.

٤مۆئاب تێکدەشکێت، بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.

٥سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت، بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن، لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم هاواری شکست دەبیسترێت.

٦هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن! ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.

٧لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت، تۆش دەگیرێیت، کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت، کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.

٨وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت، هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت. دۆڵ لەناودەچێت، دەشت وێران دەبێت، وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.

٩خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن، چونکە دەبێتە چۆڵەوانی. شارۆچکەکانی وێران دەبن، بەبێ ئاوەدانی دەبن.

١٠«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات! نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!

١١«مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە، ڕاپێچیش نەکراوە، وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە، لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە، لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و بۆنیشی نەگۆڕاوە.

١٢یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن، ئەوان دەیڕێژن و دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.

١٣جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت، هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون کە پشتیان پێی بەستبوو.

١٤«چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟

١٥مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت، باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.» ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.

١٦«لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە، بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.

١٧ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە، ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن، بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا، شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“

١٨«لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و لەسەر زەوی وشک دابنیشە، ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن، چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب دێتە سەر ئێوە، شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات.

١٩ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر، لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن. لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن، بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“

٢٠مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا. واوەیلا بکە و هاوار بکە! لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن کە مۆئاب تەفروتونا بووە.

٢١حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات، بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،

٢٢بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،

٢٣بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،

٢٤بەسەر قەریۆت و بۆزرا، بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.

٢٥هێزی مۆئاب بڕایەوە، بازووی شکا.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٢٦«سەرخۆشی بکەن، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.

٢٧ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟ ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا، هەر کاتێک باست دەکرد، سەرت دەلەقاند؟

٢٨ئەی دانیشتووانی مۆئاب، شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن. وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات.

٢٩«لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە، زۆر لووتبەرزە، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.

٣٠یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە. کردارە پووچەکانی بێ سوودن.

٣١لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم، بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم، بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.

٣٢ئەی مێوی سیڤما، وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم. لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە، گەیشتنە دەریای یەعزێر. تەفروتوناکەر کەوتە سەر میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.

٣٣خۆشی و دڵشادی داماڵران لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب. شەرابم لە گوشەر ڕاگرت، بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت، ئەگەر هاوارکردن هەبێت، لە خۆشیدا هاوار ناکەن.

٣٤«دەنگی هاواریان بەرزبووەوە، لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ، لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا، چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.

٣٥لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٦«لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت، دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت، چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.

٣٧هەموو سەرێک تاشراوە و هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە، هەموو دەستێک بریندار کراوە و هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.

٣٨لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و لە هەموو شەقامەکانی جگە لە گریان هیچی دیکە نییە، چونکە مۆئابم شکاند، وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٩«چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن! چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا! مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»

٤٠یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت، بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.

٤١قەریۆت دەگیرێت و قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.

٤٢مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.

٤٣ئەی دانیشتووی مۆئاب، ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٤٤«ئەوەی لە ترس هەڵدێت دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت، چونکە ساڵی سزادان بەسەر مۆئابدا دەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٤٥«لە سێبەری حەشبۆن هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون، چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو، گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە، ناوچەوانی مۆئاب و کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.

٤٦قوڕبەسەرت مۆئاب! خەڵکی کەمۆش لەناوچوو، کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و کچەکانت بە دیل بردران.

٤٧«بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.