١«بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن، ئێستا تەماشا بکەن و بزانن، لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن. ئەگەر یەکێکتان بینییەوە دادپەروەر بێت و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت، ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
٢هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“ هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
٣ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟ لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت، تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن. ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد، تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
٤بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن، نەزان بوون، چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
٥کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و قسەیان لەگەڵ دەکەم، بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.» بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند، بەندیان پساند.
٦لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر، گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت، پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات، تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات، چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون، هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
٧«بۆچی دەبێت لێت خۆشبم؟ کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە. کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد، پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
٨بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە، هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
٩ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٠«سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن، بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن. لقەکانی لێ بکەنەوە، چونکە هی یەزدان نین.
١١بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٢درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد، گوتیان، «ئەو هیچ ناکات! بەڵامان بەسەرنایەت، شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
١٣پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با، وشەکە لەواندا نییە، ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
١٤لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد، ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر، ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
١٥یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان، نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە، نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن، لە قسەکردنیان تێناگەن.
١٦تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە، هەموو پاڵەوانن.
١٧دروێنە و نانت دەخوات، کوڕ و کچت دەخوات، مەڕ و مانگات دەخوات، مێو و هەنجیرت دەخوات. شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون، بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
١٨یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم.
١٩جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.“
٢٠«ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
٢١ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن، ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن، گوێتان هەیە و نابیستن:
٢٢ئایا لە من ناترسن؟» هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟ من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور، بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت. شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت، هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
٢٣بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە، لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
٢٤لە دڵی خۆیاندا ناڵێن، ”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی، لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
٢٥تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد، گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
٢٦«بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە، وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن، تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
٢٧وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار، ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ، لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
٢٨قەڵەو و تێر بوون. هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن، پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن، بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
٢٩ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٣٠«تۆقین و سەرسوڕماویێک لە خاکەکەدا ڕوویدا:
٣١پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن، کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن، گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە. بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟