کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئەی نەوەی بنیامین، لە ئۆرشەلیم هەڵبێن! لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن! لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن! چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە لە باکوورەوە دەرکەوتووە.

٢من سییۆنی کچ لەناو دەبەم، کچە جوان و نازدارەکە.

٣شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە بۆ لای ئەو دێن، ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»

٤«جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن! هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین! بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو، سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.

٥کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین، قەڵاکانی وێران بکەین!»

٦یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «دار ببڕنەوە و مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن. دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت، چونکە سەراپای پڕ ستەمە.

٧وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت، ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت. توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت، هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.

٨ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە، نەوەک پشتم لە تۆ بکەم، نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران، ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»

٩یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە، بە تەواوی وەک ڕەزەمێو، با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت، وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»

١٠بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟ کێ گوێم لێ دەگرێت؟ ئەوەتا گوێیان داخراوە بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن. فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی، دڵیان پێی خۆش نییە.

١١لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان، بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی. ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان، ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت، پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.

١٢ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن، کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە، چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە درێژ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٣«لە بچووکیان هەتا گەورەیان، هەموویان پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین، هەموو ساختە دەکەن.

١٤برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“ بەڵام ئاشتی نییە.

١٥ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٦یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن، پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن، ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن، حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“

١٧چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم: ”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“ بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“

١٨لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن، ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.

١٩ئەی زەوی، گوێ بگرە: ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم، بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە، چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.

٢٠بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟ قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»

٢١لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم، باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن، دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»

٢٢یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت، نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.

٢٣کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە، دڵڕەقن و بەزەییان نییە، دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و سواری ئەسپ دەبن، وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»

٢٤هەواڵی ئەوانمان بیست، ورەمان ڕووخا، تووشی تەنگانە بووین، تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.

٢٥دەرمەچن بۆ کێڵگە! بە ڕێگادا مەڕۆن! چونکە دوژمن شمشێری پێیە، لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.

٢٦ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە، خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە، شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ، چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.

٢٧«ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا، وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک، بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و تاقییان بکەیتەوە.

٢٨هەموو یاخی و کەللەڕەقن، بە پەلەن بۆ بوختانکردن، ئەوان بڕۆنز و ئاسنن، هەموو تێکدەرن.

٢٩مووشەی دێت مووشەدەمە بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت، بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات، بەدکاران بێگەرد نابن.

٣٠پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند، چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.