کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیۆحەنا

یۆحەنا ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن.

٢ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم.

٣جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.

٤ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»

٥تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»

٦عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت.

٧ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»

٨فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»

٩عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟

١٠ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات.

١١باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن.

١٢ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم.

١٣هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت.

١٤ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.

١٥«ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن.

١٦منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە،

١٧ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت.

١٨بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان.

١٩پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین.

٢٠لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام.

٢١ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»

٢٢ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»

٢٣عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین.

٢٤ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.

٢٥«ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم.

٢٦بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە.

٢٧«ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.

٢٨«گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە.

٢٩ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن.

٣٠لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە،

٣١بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم. «هەستن، با لێرە بڕۆین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.