کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیۆحەنا

یۆحەنا ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە.

٢هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات.

٣ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن.

٤بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.

٥«منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن.

٦ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت.

٧ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت.

٨باوکم شکۆدار دەبێت ئەگەر ئێوە بەرهەمی زۆر بگرن؛ بەوە دەردەکەوێ کە ئێوە قوتابی منن.

٩«هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن.

١٠ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم.

١١ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت.

١٢ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن.

١٣کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.

١٤ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم.

١٥ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن.

١٦ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن بتانداتێ.

١٧بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.

١٨«ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە.

١٩ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە.

٢٠بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە.“ ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستبێت، هی ئێوەش دەپارێزن.

٢١بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن.

٢٢ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان.

٢٣ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە.

٢٤ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە.

٢٥بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: ﴿بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.﴾

٢٦«جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات.

٢٧ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.