کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیۆحەنا

یۆحەنا ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەدوای ئەوەی عیسا نوێژەکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی.

٢یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە.

٣ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ.

٤عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟»

٥وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی». عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو.

٦کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.

٧لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟» گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.»

٨عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.»

٩بەمەش ئەو قسەیەی هێنایە دی کە فەرمووبووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.»

١٠شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.

١١عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟»

١٢ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە.

١٣یەکەم جار بردیانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو.

١٤قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت.

١٥شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان،

١٦بەڵام پەترۆس ناچار بوو لە دەرەوە لەبەردەرگاکە ڕابوەستێت. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە.

١٧کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟» گوتی: «نەخێر.»

١٨خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە.

١٩سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد.

٢٠عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە.

٢١بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.»

٢٢کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟»

٢٣عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟»

٢٤ئینجا حەنا عیسای بە دەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینان نارد.

٢٥شیمۆن پەترۆسیش هێشتا لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، بۆیە لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.»

٢٦یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟»

٢٧دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.

٢٨بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن نانی پەسخە بخۆن.

٢٩پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟»

٣٠وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.»

٣١پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.»

٣٢ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی عیسا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی فەرمووبووی.

٣٣لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»

٣٤عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»

٣٥پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»

٣٦عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من سەر بەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من سەر بە ئێرە نییە.»

٣٧ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»

٣٨پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم.

٣٩بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»

٤٠هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.