کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیۆحەنا

یۆحەنا ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.

٢سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد.

٣لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.

٤دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!»

٥عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»

٦کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.»

٧ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»

٨کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا.

٩گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.

١٠پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»

١١عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»

١٢ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»

١٣کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا».

١٤ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.»

١٥ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»

١٦ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. سەربازەکانیش عیسایان برد.

١٧عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا».

١٨لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.

١٩پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.»

٢٠جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو.

٢١کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»

٢٢پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»

٢٣کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.

٢٤لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی: ﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾ جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.

٢٥لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون.

٢٦کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.»

٢٧بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.

٢٨پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.»

٢٩گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی.

٣٠کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.

٣١پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن.

٣٢ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون.

٣٣بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند.

٣٤بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.

٣٥ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن.

٣٦ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾

٣٧هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾

٣٨پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد.

٣٩نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر موڕی تێکەڵاو بە ئەلوای هێنا.

٤٠جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن.

٤١لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو.

٤٢لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.