کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیۆحەنا

یۆحەنا ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە،

٢ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد.

٣ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت.

٤جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو.

٥کاتێک عیسا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟»

٦ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات.

٧فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.»

٨یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت:

٩«کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟»

١٠عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن.

١١عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەدا کە دانیشتبوون. بۆ ماسییەکانیش هەمان شتی کرد.

١٢کاتێک هەمووان تێربوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.»

١٣ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە.

١٤لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە کە بۆ جیهان دێت.»

١٥عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ.

١٦کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە،

١٧سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان.

١٨ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو.

١٩کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان.

٢٠بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!»

٢١کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.

٢٢بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون.

٢٣ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد.

٢٤کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن.

٢٥کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»

٢٦عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون.

٢٧بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»

٢٨لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»

٢٩عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»

٣٠ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟

٣١باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾»

٣٢عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ،

٣٣چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»

٣٤لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»

٣٥عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.

٣٦بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن.

٣٧هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم.

٣٨من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.

٣٩ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە.

٤٠خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»

٤١جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.»

٤٢گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»

٤٣عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن.

٤٤کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.

٤٥لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام.

٤٦کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە.

٤٧ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە.

٤٨منم نانی ژیان.

٤٩باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن.

٥٠بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت.

٥١منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»

٥٢جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟»

٥٣لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت.

٥٤ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،

٥٥چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە.

٥٦ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە.

٥٧وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت.

٥٨ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.»

٥٩عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو.

٦٠کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»

٦١عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟

٦٢ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟!

٦٣ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن.

٦٤بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.

٦٥ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»

٦٦لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.

٦٧لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»

٦٨شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە.

٦٩ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»

٧٠عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!»

٧١ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، بەڵام بەتەمابوو بە گرتنی بدات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.