١دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن.
٢کاتێک جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بووەوە،
٣براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت،
٤هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.»
٥براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
٦عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە.
٧جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە.
٨ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.»
٩ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
١٠بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی.
١١ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»
١٢لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.»
١٣بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
١٤کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی.
١٥جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»
١٦عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی.
١٧ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم.
١٨ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە.
١٩ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»
٢٠خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»
٢١عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون.
٢٢لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە.
٢٣ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟
٢٤بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»
٢٥لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟
٢٦ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟
٢٧بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
٢٨پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن،
٢٩بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»
٣٠لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
٣١زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»
٣٢کاتێک فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی عیساوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.
٣٣عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی.
٣٤بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»
٣٥ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟!
٣٦ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»
٣٧لە گەورەترین و کۆتا ڕۆژی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە.
٣٨ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات.»
٣٩لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.
٤٠هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»
٤١هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟
٤٢ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت کە مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێتلەحمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داودی لێبوو؟»
٤٣بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە.
٤٤هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.
٤٥ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»
٤٦خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»
٤٧فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟
٤٨باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟
٤٩نەخێر! تەنها ئەم خەڵکە نەفرەتلێکراوە نەبێت کە لە تەورات نازانێت.»
٥٠نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین:
٥١«ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»
٥٢وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ لێی بکۆڵەوە و بیزانە کە لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.» [
٥٣ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی.