١چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
٢«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین، یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟
٣ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات، یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
٤بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
٥بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
٦نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد، چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە، جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
٧«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟
٨ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت، لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
٩پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و لە دەریاش پانترە.
١٠«ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
١١بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
١٢بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
١٣«ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
١٤ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
١٥ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
١٦چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.
١٧ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
١٨دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
١٩خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
٢٠بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛ ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»