کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە، بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم، بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.

٢بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە! تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.

٣ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت، ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟ بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟

٤ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟ ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟

٥ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە، یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟

٦بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟

٧هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.

٨«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم، ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟

٩لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا، ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟

١٠ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و وەک پەنیر منت نەمەیاند؟

١١بە پێست و گۆشت منت پۆشی و بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.

١٢ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم، چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.

١٣«بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە، من زانیم کە چیت لە دڵدایە.

١٤ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.

١٥ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم! ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم، چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و زەلیلی خۆم بینی.

١٦ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.

١٧شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.

١٨«ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟ خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.

١٩وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو، لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.

٢٠ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟ بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،

٢١پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە، بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،

٢٢خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ، سێبەری مەرگ و ناڕێکی، خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.